هاوپه‌یمانی سه‌در نیازه‌كانی ئێران بۆ به‌كارهێنانی حه‌شدی شه‌عبی ئاشكرا ده‌كات
"پێویسته عادل عه‌بدولمه‌هدی هاوسه‌نگی نێوان تاران و واشنتۆن راگرێت"
K24- هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی سائیرون، كه له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دره‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، دووپاتیكرده‌وه، حكوومه‌تی تاران دۆسیه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق وه‌ك كارتی فشار له دژی واشنتۆن به‌كار ده‌هێنێت و جه‌ختی كرده‌وه، "پێویسته كۆتایی به ململانێی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له ناو خاكی عێراق بهێندرێت".
ریاز ده‌هش، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی سائیرون له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، "ململانێی ئێران و ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی عێراق درووست كردووه و ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی لایه‌نی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری داناوه".
ده‌هش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئێران دۆسیه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌چوارچێوه‌ی دۆسییه گه‌رمه‌كاندا له دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌كار ده‌هێنێت" و گوتی: "ئه‌مه وایكردووه حه‌شدی شه‌عبی له عێراق به‌لای ئێرانه‌وه ببێته هاوتای حیزبوڵڵا له لوبنان و حه‌ماسی فه‌له‌ستین و حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هاوپه‌یمانی سائیرون جه‌ختی كرده‌وه، "واشنتۆنیش به هه‌مان شێوه دۆسیه‌ی عێراق وه‌ك كارتی فشار له دژی تاران به‌كارده‌هێنێت، به‌وه‌ی كه 8 بنكه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازی له شاره جیاوازه‌كانی عێراق هه‌یه، گه‌وره‌ترینیشیان باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكایه له به‌غدا"، روونیشیكرده‌وه، "ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌كاروباری ناوخۆی عێراق به‌روون و ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "واشنتۆن ده‌یه‌وێت عێراق به‌لای خۆیدا راكێشێت و له تاران دووری بخاته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا تارانیش به هه‌مان شێوه هه‌وڵی هاوشێوه‌ی هه‌ڵه‌كانی واشنتۆن ده‌دات"، دووپاتیشیكرده‌وه، "ئه‌ركی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق ئه‌وه‌یه كه بتوانێت هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران‌دا راگرێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێداگیریشیكرد، "ئه‌و دۆخه پێویستی به مانۆرێكی سیاسی و گفتوگۆ و دانوستانی چڕ و پڕ و به‌شداری هێزه كاراكان هه‌یه بۆ پشتگیریكردن له عادل عه‌بدولمه‌هدی، بۆئه‌وه‌ی كۆتایی به ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌ناو خاكی عێراق بهێندرێت".
H.B