ئێران چاوی لەدەستی ئەوروپایە

دواین هیوای ئێران لای ئەوروپییەکانە

K24 – هه‌ولێر:

ئێران گەشبینە بەوەی ئەوروپا دەتوانێت لە سزاکانی ئەمەریکا رزگاری بکات و رێککەوتنە ئەتۆمییەکەش وەک خۆی بمێنێتەوە.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هەندێک گومان لە میکانیزمی پاراستنی بازرگانی ئێران لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە هەیە، بەڵام ئێمە گەشبینین بەوەی ئەوروپییەکان دەتوانن رێککەوتنەکە بپارێزن".

یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت مێکانیزمێکی نوێ بەناوی (ئێس پی ڤی) بەکاربهێنێت لەگەڵ ئێران کە مامەڵەی نێوان هەردوولا بەبێ بەکارهێنانی دۆلار دەبێت، ئامانجیش لێی پاراستنی رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە و پاراستنی بازرگانی نێوان ئێران و ئەوروپایە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریداوە لەم مانگەدا ئەو مێکانیزمە نوێیە پەیڕەو بکات، بەڵام تاکو ئێستا هیچ وڵاتێکی ئەوروپی ئامادە نییە ببێتە جێبەجێکاری ئەو میکانیزمە.

قاسمی لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئێمە چاوەڕوان دەکەین بە زووترین کات ئێس پی ڤی جێبەجێبکرێت چونکە ئێران تا ئەو کاتە بەڵێنەکانی دەباتە سەر، وڵاتانی دیکەش رێز لە واژوەکانیان بگرن".

کۆماری ئیسلامی ئێران چەند جارێک هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر بێت و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی نەپارێزرێت، لە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە دەکشێتەوە.

 H.J