مه‌سروور بارزانی: گفتوگۆیه‌كی به‌رهه‌مدار به‌ڕێوه‌ده‌چێت

له‌ به‌غدا باسى ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سروور بارزانی، له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق رایگه‌یاند, چه‌ند گفتوگۆیه‌كی گرنگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ سیسته‌ماتیككردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی به‌ڕێوه‌چوون.

مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی دوو رۆژی رابردووی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق له‌ به‌غدا نووسیویه‌تی: "ئه‌وه‌ ساتێكی گرنگه‌‌ گفتوگۆیه‌كی به‌رهه‌مدار به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ سیسته‌ماتیككردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ".

له‌درێژه‌ی تویته‌كه‌یدا، مه‌سروور بارزانی نووسیه‌تی: "گه‌شبینم به‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی نوێی عێراق سه‌ركه‌وتنی هاوبه‌ش و باجی زیانه‌كان بۆ گه‌له‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرێت".

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ یاوه‌ری شاندێك كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئازاد به‌رواری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، مه‌سعود حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق، ماوه‌ی 2 رۆژه‌ له‌ به‌غدایه‌ و چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق ئه‌نجامداوه‌.

ئ. م