ئەفسەرێك لە رێگای كەركووك- سلێمانی كوژرا

دوو كەسی دیكە بریندارن

K24 - كەركووك

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیك چێشتخانەی کانی شەیتان، لەسەر رێگای کەرکووك- سلێمانی، لەلایەن ژمارەیەك كەسەوە لەناو ئۆتۆمبێلێك دەستڕێژی گولـلە لە سێ هاووڵاتی کراوە کە سەرجەمیان خەڵکی کەرکوکن و  یەکێکیان گیانی لەدەستدا".

گوتیشی: "بەپێی زانیاریەکان، كوژراوەكە ناوی فەلاح حەسەنە و ئەفسەرە لە پۆلیسی کەرکووك دوو کەسی دیکەش برینداربوونە، ئێستا لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵن و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "ئەفسەرە كوژراوەكە لە نەتەوەی توركمانە و شیعەیە، تائێستا بكوژەكەی دیارنییە و ھۆكاری كوشتنەكەشی ئاشكرا نەكراوە".

ھەر لەسەر ئەو رووداوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ 24-11-2018، لەسەر رێگای سلێمانی - كەركووك (نزیك خواردنگەی كانی شەیتان) لە ئۆتۆمبێلێكەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێكی تر دەكرێت كە سێ‌ سەرنشینی تێدا بووە و بریندار دەكرێن، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكان بۆ شوێنی رووداوەكە بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینی یەكێك لە بریندارەكانەوە كە ئەفسەری پۆلیسی كەركووكە بەناوی (ف ، ح ، خ)  لەدایكبووی  1990 گیانلەدەستدەدات".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە: "لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەردە قارەمانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكردووە".