ناوی قوربانیانی بوومەلەرزە ئاشكرا كرا
زیاتر لە 50 كەس لە گەرمیان گەیەندرانە نەخۆشخانە
K24 - گەرمیان
بەھۆی بوومەلەرزەی شەوی رابردوو دوو كەس لە گەرمیان گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 ھاووڵاتی دیكەش گەیەندرانە نەخۆشخانە، پۆلیسی گەرمیانیش ناوی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات كە گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوێكدا بەناوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، رائیدی مافپەروەر علی جەمال قدووری ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی شەوی رابردوو چەند بوومەلەرزەیەك تەواوی کوردستان و عێراقی هەژاند بەوهۆیەوە 52 کەس بەهۆی تێکچوونی تەندروستیانەوە گەیەندرانە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و ئافرەتێك بەناوی سەبریە قادر شەریف، دانیشتووی گەڕەکی کەلاری کۆن و محەمەد فەتاح رۆستەم، لە دایکبووی 1950 دانیشتووی ناحییەی رزگاری بەهۆی کاریگەری بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشكردووە: "لەلایەکی دیکەوە دوو هاووڵاتی دانیشتووی ناحییەی رزگاری بەهۆی بەرکەوتنەوە دەستیان شکاوە هەروەها ئافرەتێكی دانیشتووی گەڕەکی کەلاری کۆن لاقی درزی تێکەوتبوو، سەرجەم بریندارەکان چارەسەری پێویستیان بۆکراو، ھەروەھا دوای توێکاری تەرمەکان ئەو دوو كەسەی گیانیان لەدەستداوە رادەستی کەسووکاریان کرانەوە".
.jpg)