ئاستی ھەناردەی نەوتی عێراق كەمیكردووە
یەك بەرمیل نەوت بە 61 دۆلار فرۆشاوە
K24 - ھەولێر
ئاستی ھەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو، كەمبووەتەوە بۆ 3 ملیۆن و 300 ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووی ئەمساڵدا، ئاستی ھەناردەی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، بەجۆرێك بەراورد بە مانگی تشرینی یەكەم، یەك ملیارو 700 ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت كەمبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی مانگی رابردوو بڕی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتیان ھەناردەكردووە، كە داھاتەكەی كەمبووەتەوە بۆ 6 ملیارو 100 ملیۆن دۆلار و نرخی یەك بەرمیل نەوتیش بە 61 دۆلار فرۆشاوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا رۆژانە 260 ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووكی ھەناردەی بەندەری جەیھانی توركیا كردووە.
ئەمە لەكاتێدایە لە مانگی تشرینی یەكەم داھاتی یەك مانگی نەوتی عێراق، گەیشتە نزیكەی 8 ملیار دۆلار.