داعش ھێرشی كردە سەر گوندێكی كەركووك
"نزیكەی 30 ھەزار داعش لە عێراق ماون"
K24 - ھەولێر
چەكدارانی داعش ھێرشیان كردەسەر گوندێكی كوردنشینی كەركووك، بەھۆیەوە ھاووڵاتییەك كوژرا و دوو كەسی دیكەش بریندار بوون.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراق "درەنگانی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش ھێرشیان كردووەتە سەر گوندی ناسری سەر بە ناحیەی رەشاد، لە باشووری كەركووك و بەو ھۆیەوە ھاووڵاتییەك كوژراوە و دووی دیكەش بریندار بوونە".
ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە دەورووبەری كەركووك و چەند ناوچەیەكی عێراق دەستیان بە جموجۆڵ كردووە و چەندین ھێرشیان كردووەتە سەر ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنییەكانی عێراق، ئەمەش ترسی خستووەتە دڵی ھاووڵاتیان.
پەیوەست بەو پرسە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی لە واشنتن، راپۆرتێكی لەبارەی جموجۆڵەكانی رێكخراوی داعش بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، مانگانە چەكدارانی داعش 75 ھێرشی چەكداری لە عێراق ئەنجامدەدەن و ئێستا خۆی رێكخستووەتەوە و تەكتیكی خۆی گۆڕیوەو دەستی كردووە بە چالاكییەكانی رفاندن و تەقینەوە و زیاتریش كەسانی سەر بە حكوومەت دەكاتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش كردووە، لە ئەنجامی ھێرشەكانی داعش لە ساڵی 2016 دا زیاتر لە 6 ھەزار و 247 كەس كوژراون، لە ساڵی 2017 شدا 5 ھەزار و 339 كەس كوژراون، تا مانگی ئۆكتۆبەری 2018ش، ھەزار و 656 كەس كوژراون.
ئەو راپۆرتە ئاشكراشی كردووە، 20 بۆ 30 ھەزار چەكداری داعش لە عێراق و سووریا ماون و لەو ژمارەیەش 10 بۆ 15 ھەزار چەكداریان لە عێراقن.
راپۆرتەكە ئاشكراشی دەكات، چەكدارانی داعش سوود لە گەندەڵییەكانی حكوومەت و ناكۆكییە مەزھەبییەكان و كێشەكانی نێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان وەردەگرن و حكوومەتی عێراقیش بەوە تۆمەتبار دەكات، نەیتوانیوە ئەو ھۆكارانە بنبڕ بكات كە دەبنە ھۆی سەرھەڵدانی داعش.