مەترسییەكانی داعش دەبرێتە ناو پەرلەمان
ژمارەیەك پەرلەمانتار واژوویان كۆكردووەتەوە
K24 - كەركووك
ساڵێك بەسەر راگەیاندنی کۆتایی هاتنی داعش لە عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام داعش لەماوەی ئەم ساڵەدا بە تەواوی خۆیان رێکخستوەتەوە، ئێستا بووەتەوە مەترسیەکی جدی لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بەتایبەتی باشووری کەرکووك، سەرکردەکانی عەرەبی سوننە لە کەرکووك قسەیان کردووەو دەڵێن، تارمایی چەکدارانی داعش هێشتا مەترسین بۆسەر ناوچەکانمان.
مەترسییەکانی داعش لەسنووری کەرکووك براوەتە پەرلەمانی عێراق. بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ ئەم مەبەستە واژوویان كۆكردووەتەوە و هەوڵێك هەیە کە هێزی زیاتری عێراقی بهێنرێنە باشووری کەرکووك، چونکە مەترسییەکان لەو سنوورەوە سەری هەڵداوە.
هێشتا لانکەی جموجۆڵەکانی داعش باشوور و رۆژئاوای کەرکووکە، چەکدارانی داعش زۆرجار بەئاسانی دێنە سەر رێگەی سەرەکی کەرکووك - بەغدا، ھاوكات بەهۆی مەترسییەکانی داعشەوە تاکو ئێستا 30% خەڵکی حەویجە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
حاتەم تائی، گوتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەركووك بە كوردستان24 راگەیاند: "ناوچەكانمان بە تەواوی پاك نەكراوەتەوە لە چەكدارانی داعش، لەبەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنی حەویجە و دەوروبەری بە پەلە ئەنجامدرا، ئەو ناوچانەش پێویستی بەوە ھەیە بە وردی پشكنینیان بۆ بكرێت".
ئەو پرسیارەی کە هێشتا بەکراوی ماوەتەوە ئەوەیە ئایە داعش کۆتایی هاتووە لەعێراق؟ سیاسییەکانی عەرەب کە ناوچەکانیان لەژێر مەترسی چەکدارانی داعشە دەڵێن، کۆتایان نەهاتووە. ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سوننە دەڵێ: "پێمانوایە ئێستا پێویستە جارێكی دیكە ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدرێت و ناوچەكانمان لەو چەكدارانەی داعش پاك بكرێتەوە كە سەریان ھەڵداوەتەوە، راستە سەركەوتنی گەورە تۆمار كراوە، بەڵام ھێشتا مەترسییەكان ماون".
ڤیان سەبری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "پێویستە پۆلیس رۆڵی خۆی بگێڕێ لە پاراستنی كەركووك و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان، چونكە ئەو ناوچانە بە خوێنی پێشمەرگە رزگاركراون".
بە گوێرەی زانیاری هێزە عێراقییەکان، زیاتر لە دوو هەزار چەکداری داعش له عێراق ماون و هەمووكات وەك مەترسیەك تەماشا دەکرێن.