هه‌ولێر له خولی نایابی عێراق تووشی سێیه‌مین شكستی له‌سه‌ریه‌ك بوو
هه‌ولێر یه‌كه‌مین یاری له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ره نوێیه‌كه‌ی دۆڕاند
له خولی نایابی عێراق یانه‌ی هه‌ولێر تووشی سێیه‌مین شكستی له‌سه‌ریه‌ك بوو، یه‌كه‌مین یاریشی له ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ر نوێیه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌ی شورته‌ی پێشه‌نگی خوله‌كه دۆڕاند.
له گه‌ڕی دوازده‌هه‌می خولی نایابی تۆپی پێی عێڕاق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 12 دێسێمبه‌ری 2018، یانه‌ی هه‌ولێر له نێو یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی شورته‌ی كرد، یارییه‌كه‌ش به گۆڵێكی بێوه‌ڵام به‌سوودی شورته كۆتایی هات.
دۆخێكی یانه‌ی هه‌ولێر خراپتر بوو
هه‌ولێر له كۆی 12 یاری ئه‌م وه‌رزه، 4 شكست، 3 بردنه‌وه و 4 به‌رامبه‌ربوونی هه‌یه و ژماره‌ی خاڵه‌كانی له 13 خاڵ مایه‌وه، پێشبینی ده‌كرێت له خانه‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه بۆ خانه‌كانی خواره‌وه‌تر دابه‌زێت.
یانه‌ی شورته ئه‌م وه‌رزه به هێزێكی زۆره‌وه پێشوازی له خوله‌كه كردووه و له وه‌رزی ئه‌مساڵ هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندوه و 8 بردنه‌وه و 3 یه‌كسان بوونی هه‌یه، شوڕته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یارییه‌كی له هه‌ولێر كه‌متر ئه‌نجام داوه به 27 خاڵ شوێنی خۆی له پێشه‌نگی خوله‌كه پته‌وتر كرد.
شورته ریكۆرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هاوتا كرده‌وه
له دوای ساڵی 2000ـه‌وه ئه‌م دوویانه‌یه 20 یاری رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، هه‌ولێر 9 یاری بردۆته‌وه، شورته‌ش ژماره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی له دژی هه‌ولێر گه‌یانده 9 بردنه‌وه و ریكۆرده‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه و ته‌نیا 2 یاری به یه‌كسانبوون له نێوانیاندا كۆتایی هاتووه.
یاری داهاتووی هه‌ولێر
یانه‌ی هه‌ولێر له سبه‌یه‌وه ئاماده‌كاری بۆ یاری سێشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌ی به‌غدا ده‌كات كه له نێو یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه ده‌چێت، راسته‌وخۆ دوای ئه‌م یارییه خوله‌كه تا كاتێكی نادیار ده‌وه‌ستێت، به‌هۆی به‌شداریكردنی هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق له پاڵه‌وانیه‌تی وڵاتانی ئاسیا كه له مانگی 1 له وڵاتی ئیماڕات به‌ڕێوه ده‌چێت.