تره‌مپ به‌ڵێن به كرستیان و ئێزدییه‌كان ده‌دات
ئه‌مه‌ریكا دان به جینۆسایدی ئێزدی و كریستیانه‌كان داده‌نێت
K24- هه‌ولێر:
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمی رایگه‌یاند: "ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی له عێراق و سووریا ده‌رهه‌ق به ئێزدی و كریستیانه‌كان كراوه، جینۆسایده".
ئه‌م دانپێدانانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به جینۆسایدی ئێزدی و كریستیانه‌كان له میانه‌ی رێوڕه‌سمی پڕۆژه‌بڕیارێكدا بوو، كه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به ئاماده‌یی مه‌تران مار به‌شار مه‌تی وه‌رده، سه‌رۆكی ئه‌سقوفیه‌ی هه‌ولێر واژووی كرد و بڕیاریدا، "ئه‌و تاوانانه‌ی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه له دژی كریستیان و ئێزدییه‌كانی عێراق و سووریا ئه‌نجام دراون، جینۆسایده".

هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه به‌ڵێنێكی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌خۆ ده‌گرێت، كه بریتییه: له "پێشكه‌شكردنی هاوكاری مرۆیی پێویست بۆ دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كان و راوه‌دونانی به‌رپرسانی ئه‌و تاوانانه".
تره‌مپ جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی ئه‌و بڕیاره و پابه‌ندبوونی حكوومه‌ته‌كه‌ی به جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی پڕۆژه بڕیاره‌كه كرده‌وه و به‌ڵێنیدا، "ده‌ست له راوه‌دوونانی به‌رپرسانی ئه‌و تاوانانه هه‌ڵناگرین".
لای خۆشیه‌وه هه‌ر له‌و رێوڕه‌سمه‌دا مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له گوته‌یه‌كدا به‌ڵێنیدا، "هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌هاناوه‌چوونی قوربانیانی تاوانه‌كانی داعش به‌رده‌وام ده‌بن".
H.B

