نادیە موراد پارەی خەڵاتەکەی دەبەخشێتە شەنگال
"بەمزووانە دەست بە دروستکردنی دەکەین"
K24 – ههولێر:
دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، نادیە موراد جارێکی دیکە گەڕایەوە شاری شەنگال و بەڵێنی دا، ئەو پارەیەی وەک خەڵات وەریگرتووە، نەخۆشخانەیەکی پێبکاتەوە.
لە وتارێکدا بۆ سەدان کەس و رۆژنامەنووس، نادیە موراد لە شەنگال رایگەیاند: "بەو پارەیەی کە لە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرمگرت، نەخۆشخانەیەک لە شەنگال بۆ چارەسەرکردنی خەڵکی نەخۆش و ئەو ژن و بێوەژنانە دەکەمەوە کە قوربانی دەستدرێژی سێکسی چەکدارانی داعشن".
لە دوای سوپاسکردنی حکوومەتی هەرێم و عێراق، ئەو رزگاربووەی دەستی داعش رایگەیاند: "بەم زووانە پەیوەندی بە رێکخراوە مرۆییەکان دەکەم و دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە دەکەین".
نادیە هاوڕێ لەگەڵ دێنیس موکوێگی، بەهۆی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، یەک ملیۆن دۆلاریان پێبەخشرا.
لە ساڵی 2014، لەگەڵ نزیکەی 7 هەزار ژن، نادیە کەوتە دەست چەکدارانی داعش، دوای سێ مانگ توانی هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیا، لەوێ دەستی بە کەمپینکردن کرد بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و پاڵپشتی ئێزدییەکان.
سەرچاوە: رۆیتەرز
H.J