ئه‌ردوغان: له‌سه‌ر‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین

هه‌ر كاتێك پێویست بكات ده‌چینه‌ شنگال

K24- هه‌ولێر:

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان له‌میانه‌ی گوتارێكدا له‌ پارێزگای ده‌نیزلی رۆژئاوای توركیا به‌ڵێنیدا، "له‌سه‌ر كرده‌ سه‌ربازییه‌كانمان له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین" و گوتیشی: "له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان له‌ دژی په‌كه‌كه‌ له‌ باكووری عێراق "هه‌رێمی كوردستان" به‌رده‌وام ده‌بین و ناوه‌ستین، هه‌روه‌ك چۆن فڕۆكه‌كانمان پێگه‌كانی په‌كه‌كه‌یان له‌ شنگال و قه‌ره‌چوغ له‌ناو برد".

ئه‌ردوغان گوتیشی: "توركیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ پاراستنی ئاسایشی خۆی سڵ ناكاته‌وه‌ و هه‌ر كاتێك پێویست بكات دۆخه‌كه‌ هه‌رچیه‌كیش بێت ده‌چینه‌ شنگال".

هه‌ر ئه‌مڕۆش سوپار توركیا رایگه‌یاند، "فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانیان چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستانیان بۆردومان كرده‌وه‌"، ئه‌مه‌ش ته‌نیا دوای رۆژێك له‌ بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا، ئه‌مه‌ش كه‌ به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌یان بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌ر له‌ دوو رۆژ بانگهێشت كرابوو.

سوپای توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، "له‌و هێرشانه‌ی شه‌وی رابردوو و ئه‌مڕۆدا كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانمان بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیانداون، 7 گه‌ریلای پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ كوژراون".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "دوای ئه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ هێرشی سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كی سوپای توركیایان كردووه‌، له‌ هێرشه‌كانیاندا بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌یان له‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی زاب و خواكوڕك كردووه‌ته‌ ئامانج و ژماره‌یه‌ك بنكه‌ و كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی ئه‌و حزبه‌یان له‌ناوبردووه‌".

شه‌وی رابردووش وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا رایگه‌یاند، "له‌ هێرشه‌كانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانیاندا بۆ سه‌ر پێگه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ چیای شنگال و قه‌ره‌چوخ 30 پێگه‌ی په‌كه‌كه‌یان له‌ناوبردووه‌".

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق فاتح یڵدز، باڵیۆزی توركیای له‌ به‌غدا بانگهێشت كرد، بۆئه‌وه‌ی یاداشتێكی ناڕه‌زایی له‌باره‌ی "پێشێلكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ری ئاسمانی عێراق" راده‌ستی بكه‌ن.

شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی شنگال و مه‌خموور ئه‌نجامدا و، له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك گه‌ریلا و هاووڵاتی سڤیل بوونه‌ قوربانی.

H.B