یه‌كێتی: ده‌ستبه‌رداری پۆستی وه‌زاره‌تی داد نابین

"به‌ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كێتی پشكی خۆی بردووه‌"

K24 - ھەولێر

یەکێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت ئەگەر پۆستی وەزیری دادی عێراق بۆ ئێمە نەبێت هەڵوێستی توندمان دەبێت بە ئەگەری کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراقیش بێت، یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق خاوه‌نی بیست و یه‌ك كورسییه‌ و به‌ رای چاودێرانیش پۆستی سەرۆكکۆمار بەشێکە لە دەستەڵاتی جێبەجێکردن، به‌ڵام یه‌كێتی له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ په‌له‌ی كرد.

تەواو نەکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی گرفتی بۆ پرۆسەی سیاسی  کارەکانی حکوومەتی عێراق دروستکردووە بە جۆرێك شیعە و سوننەکان و کوردیش لەسەر چەند وەزارەتێك ناگەنە رێککەوتن.

یەکێك لەو لایەنانەی هەوڵدەدات وەزارەتێكی كابینەی نوێی عێراق وەرگریت یەکێتییە، بۆ ئەو پۆستە هەموو رێگەیەك دەگرنە بەر لە کاتێکدا پێیان راگەیەنراوە بەپێ ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەکێتی بەشی خۆی بردووە. بەرپرسێکی ئەو  حزبە دەڵێت، دەبێت ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت هەڵوێستی توندمان دەبێت و سووریشین لە وەرگرتنی پۆستێك لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق.

ئازاد جۆڵا، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی بە كوردستان24 گوت: "ھەوڵدەدەین بۆ بە دەستھێنانی مافی خۆمان لە حكوومەتی عێراق، ئەگەر ئەوەش نەكرێت ھەڵوێستی توندمان دەبێت، ئەو بابەتە لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی خەجتی لەسەركراوەتەوە".

یەکێتی یەکێك لە دەستەڵاتە باڵاکانی عێراقی هەیە ئەویش پۆستی سەرۆککۆمارە پێیوایە ئەمە بەشێك نییە لە دەستەڵاتی جێبەجێکردن پسپۆرێکی دەستووری دەڵێت، پۆستی سەرۆکۆمار باڵاترین دەستەڵاتی جێبەجێکردنە لە عێراقدا، بەڵام لە وەرگرتنی ئەو پۆستە پەلەی کرد.

هەڵمەت غەریب، پسپۆری  یاسای دەستووری دەڵێ: "سەرۆككۆمار بەرزترین دەسەڵاتی باڵای دەسەڵاتە لە عێراق، یەكێتی دەتوانێ بڵێ ئەنجوومەنی وەزیران نیم، بەڵام ناتوانێ بڵێ لەناو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەسەڵات نیم، باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراق سەرۆككۆمارە و لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە".

پەرلەمانی عێراق بە چەندین کۆبوونەوە نەیتوانی وەزیری ئەو وەزارەتانە دانانی ھەشت وەزیر بۆ كابینەی نوێ یەکلایی بکاتەوە.