تەرمی هاووڵاتیيەکی کورد له‌ كه‌ركووك دۆزرایەوە

شوێنی فیشه‌ك به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاره‌

K24 - كه‌ركووك:

کەمێک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق تەرمی هاووڵاتییه‌كی كورد له‌گه‌ڕه‌كی شۆراوی كه‌ركووك دۆزرایەوە.

ئەفسەرێک بەپلەی عەقید لە پۆلیسی کەرکووك بەکوردستان24ی وت؛ ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی شۆراو لەپشت مەکتەب سیاسی یەکێتی له‌ كه‌ركووك، تەرمی هاووڵاتیيەکی کورد دۆزرایەوە.

سۆران كامه‌ران، په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ كه‌ركووك، له‌ زاری سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیسه‌وه‌ رایگه‌یاند، هاووڵاتییه‌كه‌ ناوی (عزەدین حەمەسووره‌) و کە لەدایکبووی ساڵی 1965ـه‌.

په‌یامنێری كوردستان راشیگه‌یاند، ئەو سەرچاوەیە به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌ك ئاشكرا بكات، وتی: "کەیسەکە لای دژەتیرۆری عێراقەو زانیاری نادەنە کەس".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شوێنەواری فیشەك بەجەستەى هاووڵاتییه‌ كورده‌ كوژراوه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئێستاش لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ زانینی هۆكاری كوشتنی هاووڵاتییه‌كه‌، پێكهێنراوه‌.

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان به‌ رێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێری چه‌ند به‌رپرسێكی دیار راده‌ستی هێزه‌ عێراقی و میلیشیاكان كرا و تا ئێستاش نه‌توانراوه‌ سه‌قامگیری شاره‌كه‌ بپارێزرێت و كۆنتڕۆڵی دۆخی ئه‌منی بكرێت.

ئ. م