"زۆرینەی گۆڕان لەگەڵ بەشداریكردنە لە حكوومەت"

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان تاوتوێی ئەو پرسە دەكات

K24 - سلێمانی

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنی بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەدایە و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیش ئاشكرای دەكات كە زۆرینەیان لەگەڵ بەشداریكردن لە حكوومەت.

ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆ دەكرێت، كە ئایا گۆڕان بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەت دەکات یان دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن، ھەروەھا گفتوگۆ لەبارەی خۆئامادەكردن بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕانیش دەکرێت".

 گوتیشی: "لەسەرەتا دەمەوێت بزانین ئەو پاكێجەی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەی كردووە لە دانووستانەكان لەگەڵ شاندی پارتی چەندی قبووڵكراوە و چەندیشی لەلایەن پارتییەوە رەتكراوەتەوە".

ئاشكراشی كرد: "ئەو پاكێجەی گۆڕان لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە ئامادەكراوە، لە ئەگەری جێبەجێكردنی پاكێجەكە زۆرینەی جڤات لەگەڵ بەشداریكردنە لە حكوومەت".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان باسی لەوەشكرد: "رەنگە ئەمڕۆ وەك جڤاتی نیشتمانی دەسەڵات بدەین بە خانەی راپەڕاندن، چونكە ناكرێت ھەموو رۆژێك جڤات كۆببێتەوە".

ئەوە لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لەگەڵ گۆڕان کۆبوونەوە.