چەمچەماڵ ماتەمینی بۆ دایكی سێ منداڵەكە راگەیاند

لە رووداوێكدا خۆی و سێ منداڵەكەی گیانیان لەدەستدا

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێوان قادر، دایكی ئەو سێ منداڵە گیانی لە دەستدا كە لە چەند رۆژێك لەمەوبەر سێ منداڵەكەی لە رووداوێكدا گیانی لەدەستدا و خۆشی زۆربەی جەستەی سوتابوو، یەكەی ئیداری چەمچەماڵ ماتەمینی لە سنووری قەزاكە راگەیاند.

لە راگەیەندراوێكدا قایمقامیەتی چەمچەماڵ رایگەیاند: "بەبۆنەی گیان لەدەستدانی سێوان قادر و سێ جگەرگۆشەکەی کە بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانیان لەدەستدا، قایمقامی چەمچەماڵ سبەی سێ شەممەی بە ماتەمینی گشتی لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەکانی راگەیاند".

رۆژی یەکشەممەی رابردوو 16/12/2018، ماڵەکەی سێوان قادر سووتا، بە گووتەی خێزانی سێوانیش، هاوسەرەکەی بە سووتانی ماڵ و منداڵەکەی هەستاوە، لە ئێستاشدا، هاوسەری سێوان قادر دەستگیرکراوە.

لە لێدوانێکی بۆ میدیاکان، مامی سێوان قادر لە بارەی گیان لەدەستدانی سێوان  رایگەیاند: "تاوانەکە ناخی هەموو دونیای هەژاند".

لەبارەی کێشەکانی سێوان، گووتی: "کێشەی خێزانی هەبوو، بەداخەوە گەنجی ئێمە ژن دەهێنن، دواتر دوای کەسێکی جوانتر دەکەون".

مامی سێوان بە گریانەوە دواین لێدوانی ئەو دایکە سووتا و جەرگ سووتاوەی ئاشکرا کرد و گووتی: "ئامۆژن، منداڵەکانم لەسەر سنگم لابە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، باوکی سێوان بڕیاریداوە، پرسە بۆ کچەکەی نەگیڕێت تاکو کێشەی مردنی کچەکەی بەو جۆرە کێشەی زیاتری بەدوادا نەیەت.