وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لەکۆی دەستگیرکردنی 308 تۆمەتبار 16ـیان تیرۆریستن
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوول توانیویانە ژمارەیەک داواکراو دەستگیر بکەن و دەست بەسەر چەک و مادەی هۆشبەر و بڕێکی زۆر پارەدا بگرن.
میقداد میری لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا 308 تۆمەتباریان بەپێی ماددە و بڕگە یاساییە جیاوازەکان دەستگیرکردووە، لەو ژمارەیەش 31 تۆمەتبار لە دۆسیەکانی دەستەی دەستپاکی، 55 تۆمەتبار لە دۆسیەکانی ماددەی هۆشبەر، 16 تۆمەتبار بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر و 206 تۆمەتباری دیکەش بەپێی فەرمانی یاسایی جیاواز دەستگیر کراون، کە سەرجەمیان لە ئەنجامی 124 ئەرکی ئەمنی و پسپۆڕی بووە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشکنیندا، 21 پارچە چەکی جۆراوجۆر، 356 فیشەک، 32 مەخزەنی چەک و 131 گولـلەی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە. دەستبەسەرداگیراوەکانی دیکە بریتین لە 6,047,000 دیناری عێراقی، 1,000,000 دۆلاری ئەمریکی، 18 مۆبایلی جۆراوجۆر و چەندین کەلوپەلی دیکە.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هێزەکان توانیویانە 1,425 گرام ماددەی کریستاڵی هۆشبەر، 305 گرام حەشیش، 92 حەبی جۆراوجۆری هۆشبەر و کەرەستەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەردا بگرن.