حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه ئێزدییه‌كان هاته ده‌نگ
"نه‌چووینه‌ته سه‌ر باره‌گای هێزی پاراستنی ئێزیدخان"
K24 - هه‌ولێر:
كه‌رتی نه‌ینه‌وای فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی، ده‌ستبه‌سه‌ركردنی گرووپێكی چه‌كداری راگه‌یاند كه هێزی پاراستنی ئێزیدخان به پێشمه‌رگه‌ی خۆیان له قه‌ڵه‌مداوه و سه‌ر به لایه‌نی فه‌رمین له قه‌زای شنگال، به‌ڵام ره‌تیده‌كه‌نه‌وه ههڵیانكوتابێته سه‌ر هیچ باره‌گایه‌كی ئه‌و هێزه كوردییه (هێزی پاراستنی ئێزیدخان) له قه‌زاكه‌دا.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 24/12/2018 كه‌رتی نه‌ینه‌وای فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: "هێزێكی هاوبه‌شی هێزه ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی، گرووپێكی چه‌كداریان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه و گوتوویانه سه‌ر به لایه‌نێكی فه‌رمین له قه‌زاكه، به‌ڵام ئه‌و چه‌كدارانه كه ژماره‌یان 30 كه‌س بووه راده‌ستی پۆلیسی قه‌زای شنگال كراوه بۆ ئه‌وه‌ی رێوشوێنی پێویستیان له به‌رامبه‌ر بگیرێته‌به‌ر.
به‌ڵام لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ کوردستان24، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە شنگاڵ رایگەیاند: "شەوی رابوردوو لە نێوان کاتژمێر 12:30 تا 1:00، گرووپێكی سەر بە هێزی بەدری حەشدی شەعبی، چۆنەته سەر بارەگایەکی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە شنگاڵ و 30 پێشمەرگەی هێزی پاراستنی ئێزیدخانییان دەستبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوون".
شەشۆ گووتیشی: "ئێمە نازانین هۆكاری پشت ئەم هەنگاوەی حەشدی شه‌عبی چییه، بەو هۆیەشه‌وه ئێمە رێگای سەرەکی (سنوونێ)ـمان گرتووە و جموجۆڵی هێزەکانی حەشدی شه‌عبیمان بۆ ئەو ناحیەیه راگرتووە، هەروەها ئێمە ئاگاداری هێزەکانی حەشدمان کردووە کە ئەگەر پێشمەرگەکانمان ئازاد نەکەن، ئەوە ئێمەش رێگای شنگالیش لەسەریان داده‌خه‌ین و هەنگاوی تریشمان دەبێت".
به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی ره‌تیده‌كاته‌وه چووبنه سه‌ر هیچ باره‌گایه‌كی ئه‌و ھێزه و ئه‌و هه‌واڵانه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه.