لە ھەولێر "دزێك" دەستگیر كرا

"بڕی 40 ملیۆن دیناری دزیووە"

K24 - ھەولێر

لە ھەولێر كەسێك بە تۆمەتی دزینی پارە لەنێو ئۆتۆمبێلێك دەستگیر كرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر راگەیاند: "دوای ئەوەی  هاووڵاتیەك سکاڵای لای پۆلیس تۆمار كرد کەوا جامی ئۆتۆمبێلەکەی شکاوە و کەل و پەلی نێو ئۆتۆمبێلەکەی دزراوە، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە کردەوەو توانی لە ماوەیەکی کەم ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکات و دەستگیری بکەن".

کاوە قاسم، ڕێپێدراو لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رۆژئاوای ھەولێر ئاشكرای كرد: "ئاگادار کراینەوە بە بوونی رووداوێکی شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل و دزینی کەل و پەلی ناو ئۆتۆمبێلەکە، ئێمەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم رووداوە کردەوەو دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرا، بە پشت بەستن بەکامێرای چاودێری توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکەین بەناوی (ل.ع.ن) تەمەن 29 ساڵ، کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە رایکردبوو بۆ شاری کەرکووك، هێزەکانمان دەستیان بە تۆمەتبار گەیشت و توانیان تۆمەتبار دەستگیر بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ شاری هەولێر".

ئاماژەی بەوەشكرد: "تۆمەتبار دوای دەستگیر کردنی دانی نا بە تاوانەکەی کەوا هەڵسابوو بە شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل و دزینی بڕی 40 ملیۆن دینار. پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراو رەوانه‌ی بەردەم بەڕێز دادوەر کرا، بەڕێزیان بڕیاریدا بە بەندکردنی تۆمەتبار بە پێی ماددە 446 لە یاسای سزادانی عێراقی".