ھۆشداری لە كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەدرێت
"ژمارەیەك لایەن خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكن"
K24 - ھەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق. بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت "بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، داعش و رێکخراوە تیرۆستییەکان هێرشەکانیان زیاتر دەکەن".
دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق کەوتوونەتە خۆ بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق بە تایبەت ئەمەریکییەکان. هەوڵەکەشیان لە پەرلەمانی عێراقەوە دەبێت و لە ھەوڵدان بۆ ئاماكردنی پڕۆژەيەك بۆ ئەم مەبەستە.
ئەبوبەکر ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق گرنگە، بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر پڕۆژە بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە پەرلەمانی عێراق ئامادە بكرێت و حكوومەتی عێراق ھەڵەی ساڵی 2011 دووبارە بكاتەوە، ئەوە پڕۆژەیەكی دەرەكییە و لە كاتێكی نا گونجاو جێبەجێ دەكرێت".
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە لایەن ھەندێك لایەنی سیاسی عێراق بووەتە پرسێكی گەرم، بەڵام پسپۆرێکی سیاسی پێ وایە ستراتیجی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق جیاوازە و ئەمەریکا لە عێراق ناکشێتەوە.
حسامەدین گلی، پسپۆری سیاسی دەڵێ: "مانەوەی ئەمەریكییەكان لە عێراق پەیوەندی ھەیە بە ستراتیجیەتی واشتن بەرامبەر تاران، بۆیە بە بڕوای من كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق ئەستەمە".