ئه‌ردۆغان تره‌مپی بۆ كشانه‌وه له سووریا قایل كردووه
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا: خۆمان بۆ شكستهێنان به داعش ئاماده ده‌كه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ده‌ڵێت: "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای قایل كردووه رێوشوێنه‌كانی پاشه‌كشه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا كارابكات و توركیاش هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك به‌رامبه‌ر جه‌نگی دژی داعش نانوێنێت".
ئیبراهیم كاڵن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "ده‌ستكردن به كاراكردنی رێوشوێنه‌كانی كشانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، ده‌ره‌نجامی هه‌وڵه‌كانی ئه‌ردۆغان بووه له‌گه‌ڵ تره‌مپ، ئه‌و بڕیاره‌ش پاڵنه‌ری قایلكه‌ری له پشته و له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی رۆژی 14"12"2018 گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ده‌ره‌نجامه".
كاڵن ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و توركیا ده‌توانن كۆتایی به داعش بهێنن و سه‌قامگیریی له ناوچه‌كه‌دا فه‌راهه‌م بكه‌ن. ئه‌و مه‌ترسیانه‌شی به دوور زانی كه باس له‌وه ده‌كه‌ن پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا داعش بتوانێت خاكی ناوچه‌كه بخاته‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆی.
هه‌روه‌ها گووتی: "له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش هه‌وڵ بۆ شكستهێنان به داعش ده‌درێت و ئێمه رێگه ناده‌ین جارێكی دیكه له‌سه‌ر خاكی سووریا و عێراق و توركیا ئه‌و رووداوانه دووباره ببنه‌وه و هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له شه‌ڕی دژی داعش‌یش ناكه‌ین".
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا ده‌ڵێت: "توركیا خۆی بۆ شكستهێنان به داعش ئاماده ده‌كات، جا له منبج و ره‌ققه و دێره‌زوور بێت یان هه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیكه. توركیا له ئۆپراسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتیش توانی زیاتر له 3 هه‌زار داعش له‌ناو ببات و هیچ تیرۆریستێكی ئه‌و رێكخراوه‌ش له‌سه‌ر هێڵی جه‌رابلووس و باب و عه‌فرین نه‌ماون".