لایه‌نی به‌رپرس له ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ئاشكرا ده‌بێت
له ته‌قینه‌وه‌كه‌دا 10 كه‌س بوونه‌ته قوربانی
K24- هه‌ولێر:
رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له ئه‌نجامدانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه راگه‌یاند، كه ئه‌مڕۆ له‌ڕێگه‌ی ئۆتۆمۆبیلێكی مینڕێژكراوه‌وه قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری سه‌ر به پارێزگای مووسڵی كرده ئامانج.
به‌گوێره‌ی "سكای نیوز عه‌ره‌بی"، "رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ته‌له‌عفه‌ر راگه‌یاندووه".
ئه‌مڕۆ له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیلێكی مینڕێژكراو له‌به‌رده‌م قاوه‌خانه‌یه‌كی میللی له ناوه‌ڕاستی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر، دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و هه‌شتی دیكه‌ش بریندار بوون، وێڕای زیانگه‌یاندنێكی زۆری ماددی به شوێنی رووداوه‌كه.
دوای رووداوه‌كه‌ش، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته به‌دواداچوون بۆ لایه‌نی ئه‌منی ناوچه رزگاركراوه‌كانی ده‌ست داعش بكرێت"، ئه‌مه‌ش وه‌ك هۆشداریه‌ك بۆ ئه‌گه‌ری چالاكبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌و ناوچانه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا چه‌كدارانی داعش نزیكه‌ی 20 هاووڵاتی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم رفاندووه، كه ته‌واوی ئه‌و ناوچانه ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبیدان، زۆربه‌شیان له سنووری پارێزگای كه‌ركووك رفێندراون.
پێشتریش عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هۆشداری له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش دابوو.
H.B