یەكێتی: لەگەڵ پارتی ھەوڵدەدەین بگەینە ئەنجامێكی باش
"لە گفتوگۆكردن بەردەوام دەبین"
K24 - سلێمانی
كارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، كە لەگەڵ پارتی بەردەوامدەبن لەسەر گفتوگۆكردن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ئەنجامێكی باش، چونكە دوو لایەنی سەرەكین و خاوەن ھێز و كاریگەرین لە كوردستان.
قادر حەمەجان، كارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە كوردستان24ی گوت: "بەرنامەمان ئەوەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام دەبین لە گفتوگۆكردن، چونكە دوو لایەنی سەرەكین و خاوەن ھێز و كاریگەرین، بۆ ئەوەی ھەم پارتی و یەكێتی پێكەوە ھەمیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە بتوانین ھەنگاوی باشتربنێین".
گوتیشی: "ھەوڵدەدەین بەردەوامبین لە گفتوگۆ، بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێكی باش، بۆ خزمەتی خەڵك".
ئەمە لەكاتێكدایە لە 18/12/2018، پارتی دیموكراتی كوردستان، گەڕێكی دیكەی دانووستانی لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستپێكرد، بۆ ئەم مەبەستە شاندی پارتی جارێكی دیكە لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆبووەوە.