بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان تورکیا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی رووسیا دەکات

شاندێکی تورکیا دەگاتە رووسیا

K24 – هه‌ولێر:

سبەی شەممە 29/12/2018 شاندێکی باڵای تورکیا بۆ قایلکردنی رووسەکان لەسەر هێرشکردنیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەگاتە مۆسکۆ.

شاندەکە لە هەریەک لە خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری و ئیبراهیم کالین، راوێژکاری سەرۆکایەتیی تورکیا، پێکهاتووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئەلمۆنیتەر، بڕیار وایە دوای سەردانی ئەو شاندەی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەگەڵ هاوتا رووسەکەی کۆببێتەوە.

ئەردۆغان چەند جارێک ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، سوپاکەی هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانەی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەڕێوەی دەبەبن، بەڵام پێشتر رووسیا رایگەیاندبوو کە دەبێت تەنها حکومەتی سووریا بچێتەوە ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئەمەریکا چۆڵی دەکەن.

رووسیا یەپەگە بە تیرۆرست نازانێت و پەیەدەش نوێنەرایەتیی لە مۆسکۆ هەیە، بەڵام رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ رووسیا، ئەگەری هەیە دەرگای رووسیاش لەسەر ئەو هێزە کوردییە دابخات.

‌H.J