سوپای سووریا چووە ناو شاری مەنبج

ئاڵای حکومەتەکەی ئەسەد بەرز کرایەوە

 K24 – هه‌ولێر:

وتەبیژی سوپای سووریا ئاشکرایکرد کە سوپا چووەتە ناو شاری مەنبج و ئاڵای سووریا لە شوێنە سەرەکییەکانی ئەو شارە بەرزکراوەتەوە.

ئەم هەنگاوەی سوپای سووریا لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) داوای لە سوپای سووریا کردبوو، بگەڕێتەوە ناو مەنبج.

لایخۆیانەوە سوپای سووریا رایگەیاند، ئەوان لەسەر داوای هێزە کوردییەکان هاتوونەتەوە شارەکە و سوورن لەسەر پاراستنی تەواوی خاکی سووریا.

دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، سوپای تورکیا نیازی هەبوو هێرشبکاتە سەر مەنبج و رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ حکومەتی سووریا بە فەرمی گەڕایەوە مەنبج.

هەر سەبارەت بە گەڕانەوە سوپای سووریا بۆ مەنبج، رووسیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و پشتگیری لەو پێشهاتە نوێیەی سووریا کرد.