سیناتۆرێکی ئەمەریکا رێککەوتنی یەپەگە و حکومەتی سووریا بە کارەسات ناو دەبات
"سوودی بۆ ئێران، رووسیا، سووریا و داعش هەیە"
K24 – ههولێر:
سیناتۆرێکی ئەمەریکی رێککەوتنی نێوان یەپەگە و حکومەتی سووریا بە کارەسات ناودەبات.
سیناتۆر لینزی گراهام لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "رێککەوتنی نێوان کوردانی سووریا لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کارەساتی لێدەکەوێتەوە و هەلێکی باشە بۆ بەهێزبوونەوەی رێکخراوی داعش لە سووریا".
گراهام دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە دەبێتە کابووسێک بۆ تورکیا و ئیسرائیل و براوەکانیش بریتی دەبن لە رووسیا، ئێران، ئەسەد و داعش".
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، لە یەکەم کاردانەوەیدا، هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) داوای لە سوپای سووریا کرد بگەڕێنەوە شاری منبج، ئەمەش نیگەرانی تورکیا و دڵخۆشی حکومەتەکانی سووریا، رووسیا و ئێرانی لێکەوتەوە.
H.J