"هەسەدە بەنداوی تشرین رادەستی سوپای سووریا دەکات"
"ئاڵای سووریا لە بەنداوی تشرین ھەڵكراوە"
K24 - ھەولێر
هێزەکانی سوپای سووریا بە رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە چوونە نێو بەنداوی تشرین لە دەوروبەری حەلەب.
ئاژانسی سپوتنیکی رووسی بڵاویکردەوە "سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لەبارەی بەنداوی تشرین رێککەوتوون و بەنداوەکە رادەستی سوپای سووریا کراوە".
بە گوێرەی ئاژانسەکە "هێزەکانی سوپای سووریا لەنێو بەنداوەکە کە لەسەر رووباری فورات دروستکراوە، بڵاوبوونەتەوە و ئاڵای سووریایان هەڵکردووە".
بەنداوی تشرین 33 کیلۆمەتر لە باشووری منبجەوە دوورە و لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە کۆنتڕۆڵکرابوو.
پەیوەست بەو پرسەوە سوپای تورکیا هێزی زیاتری رەوانەی شاری ئەعزاز لە باکووری سووریا كردووە.
بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا، شەوی رابردوو سوپای تورکیا کاروانێکی دیکەی سەربازی رەوانەی شاری ئەعزاز لە باکووری سووریا کرد، کە پێکهاتبوون لە دەیان سەرباز و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و زریپۆش و چەکی قورس.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو کاروانە سەربازییە بە ئامانجی پشتگیرکردن لە هێرشی هێزەکانی تورکیا بۆسەر منبج رەوانە کراوە.
ھ.م