گرنگترین رووداوەکانی ساڵی 2018 کە دەنگدانەوەی جیهانیان بەدوای خۆیاندا هێنا

چی لە جیهاندا لە ساڵی 2018 گۆڕا؟

K24 – هه‌ولێر:

چەند رووداوێک لە ساڵی 2018 روویاندا، کاریگەری زۆریان هەبوو و کاردانەوەی جیهانیان بەدوای خۆیاندا هێنا.

گرنترین ئەو رووداوانەش بریترین لە:  

ژەهراوی کردنی ساگا

لە 4ی ئازار، گەورە سیخوڕی رووسی و کچەکەی لە بەریتانیا ژەهرخوارد کران بەمەش پەیوەندی هەندێک وڵاتی ئەوروپی و رووسیا گرژی تێکەوت.

سەرکەوتنی رژێمی سووریا

لە 14ی نیسان، حکومەتی سووریا سەرکەوتنی بەسەر نەیارەکانی لە دیمەشق و غوتەی رۆژهەڵات راگەیاند، بەمەش جارێکی دیکە حکومەتی سووریا بووە باڵاترین هێز لە سووریا.

دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە

لە8ی ئایار، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و رۆژئاوا کشایەوە و جارێکی دیکە سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە.

سەرکەوتنی پۆپۆلیستەکان لە ئیتاڵیا

لە1ی حوزەیران، پارتە سیاسییەکانی بزووتنەوەی فایڤ ستار، راستڕەوەکان، دژە پەنابەر و دژە یەکێتی ئەوروپا حکومەتی ئیتاڵیایان پێکهێنا.

ئاشتی نێوان ترەمپ و کیم

لە 12ی حوزەیران، ترەمپ و کیم جونگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور لە وڵاتی سینگاپورە یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و بڕیاری بەرقەرارکردنی ئاشتییاندا.

جەنگی یەمەن

لە 13ی حوزەیران، جەنگی نێوان حوسییەکان بە پاڵپشتی ئێران و پشتیوانانی حکومەت بە پاڵپشتی سعوودیە تەشەنەی کرد؛ تیایدا، پشتیوانانی حکومەت توانیان بەندەری حودەیدییە کۆنتڕۆڵ بکەن.

لە ساڵی 2014ەوە جەنگی یەمەن بەردەوامە و تاکو ئێستا 10 هەزار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 20 ملیۆن کەسیش مەترسی لەبرسا مردنیان لەسەرە.

ئاشتی نێوان ئیسیوپا و ئیریتریا

لە 9ی تەمموز، هەردوو وڵات دوای دوو دەیە جەنگ و ناکۆکی، رێککەوتنێکی ئاشتییان واژۆ کرد و جارێکی دیکە سنوورەکان کرانەوە و پەیوەندییە بازرگانییەکان ئاسایی بوونەوە.

رزگارکردنی منداڵانی ئەشکەوتەکەی تایلەند

لە 12ی تەمموز، 12 یاریزان و راهێنەرەکەیان کە لە ئەشکەوتێکدا بۆ ماوەی 17 رۆژ گیریان خواردبوو بە سەلامەتی رزگار کران.

پلەی گەرمی و ئاگر

لە تەمموز و ئابدا، پلەی گەرمی لە هەندێک شوێنی وەک یۆنان، پورتوگال و ئیسپانیا بۆ 48 پلە بەرزبووەوە.

لە تشرینی دووەمیش، ئاگرێکی گەورە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا کەوتەوە و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو. بەهۆیەوە 85 کەس گیانیان لەدەستدا.

نەتەوە یەکگرتووەکان، 2018ی بە چوارەم گەرمترین ساڵی لە مێژوودا لە هەندێک ناوچە تۆمارکرد.

کوشتنی جەمال خاشوقچی

لە 2ی تشرینی دووەم، رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشوقچی چووە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ و هەرگیز نەهاتە دەرەوە.

دوای دەنگدانەوەی زۆر، سعوودییە کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسەی راگەیاند.

سەرکەوتنی دیموکراتەکانی ئەمەریکا

لە 6ی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنی میدتێرمی ئەمەریکا ئەنجامدرا و جارێکی دیکە دیموکراتەکان بوونەوە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەسەر کۆمارییەکاندا سەرکەوتن.

خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکانی فەرەنسا

لە 17 تشرینی دووەم، بەهۆی زیادبوونی باج و نرخی سووتەمەنی، خۆپیشاندانی بەشێکی خەڵکی فەرەنسا کە بە "هێلەک زەردەکان" ناسرابوون دەستیپێکرد.

دوای دروستبوونی ئاڵۆزیی زۆر، ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پلانێکی چاکسازیی راگەیاند.

برێکزت

لە 25ی تشرینی دووەم، دوای 17 مانگ لە دانووستان، یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا لەسەر پڕۆژەی رۆیشتنی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا رێککەوتن.

بڕیارە لە ئازاری ساڵی داهاتوو، کارەکانی ماڵئاوایی کردنی بەریتانیا تەواو بکرێت و بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا ببێتەوە.

H.J