لایەنە سیاسییەکان دۆخی کەرکووك تاوتوێ دەکەن
"گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە دۆخی سەربازی کەرکووك دەکەین"
K24 - ھەولێر
لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرکووك لە ھەولێر لە کۆبوونەوەدان.
پێش کۆبوونەوەکە شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند: "بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بانگهێشتی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کردووە، تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر ئەو پرسە کۆببنەوە".
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەربازییەی کە بەسەرکەرکووك سەپێندراوە دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "کورد لە بەغدا و ناوخۆدا پێویستی بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی هەیە".
ھ.م