نەتەوە یەکگرتووەکان: پێنج ملیۆن و 800 هەزار منداڵی ئاوارە لە خوێندن بێبەشن

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی پێنج ملیۆن و 800 هەزار منداڵی پەنابەر و ئاوارە لە سەرتاسەری جیهان لە مافی خوێندن بێبەشن. 

بەپێی راگەیەنراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە سەرتاسەری جیهاندا 13 ملیۆن و 100 هەزار منداڵی ئاوارە و پەنابەر هەن. لەو ژمارەیەش 44%ـیان کە دەکاتە پێنج ملیۆن و 800 هەزار منداڵ، لە تەمەنی خوێندندان، بەڵام لە چوونە قوتابخانە و پرۆسەی پەروەردە بێبەش کراون.

کۆمیسیۆنەکە لە راپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، نابێت ئاوارەیی رێگە لە خوێندنی منداڵان بگرێت، چونکە بەو شێوەیە دەرگای هەلەکان لە بەردەمیاندا دادەخرێت. هەروەها داوا دەکات هەموو منداڵێک مافی دەستڕاگەیشتنی بە خوێندن پێ بدرێت، بێ گوێدانە بارودۆخ و شوێنی نیشتەجێبوونی.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران نیگەرانیی قووڵی خۆی لە کەمبوونەوەی هاوکارییە داراییەکان دەربڕی و ئاشکرای کرد، بودجەی تەرخانکراو لە ساڵی 2024 بۆ 2025 بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بە جۆرێک ئەو بودجەیە لە پێنج ملیار و 200 ملیۆن دۆلارەوە بۆ سێ ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کەم بووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی راستەوخۆ لەسەر پرۆگرامەکانی پەروەردە و پاراستنی ئاوارەکان دروست دەکات.