لە بەغدا 28 کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاماری چالاکییەکانی 15 رۆژی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەیەک تۆمەتباریان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکردووە، کە 28 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و ساخکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بوون.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، هێزە هاوبەشەکانیاان لە چوارچێوەی رێکارە ئەمنییە پێشوەختەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، توانیویانە لەو ماوەیەدا ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە بەپێی ماددە یاساییە جیاوازەکان داواکراو بوون.

فەرماندەییەکە ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەو 28 تۆمەتبارەی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، چەندین کەسی دیکە بە تۆمەتی ساختەکاری و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکراون.

هێزەکانی فەرماندەییەکە 15 هاووڵاتی بیانیشیان دەستگیرکردووە کە پێشێلی مەرجەکانی نیشتەجێبوون و رەگەزنامەیان کردووە. هاوکات دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی بێ مۆڵەتدا گرتووە.

ئەو چالاکییە ئەمنییانە بوونە هۆی دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل کە سەرپێچیی رێساکانی هاتوچۆیان کردبوو.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا جەختیکردەوە، ئەو رێکارانە بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، سەپاندنی یاسا و پاراستنی دەستکەوتە ئەمنییەکان لە سەرانسەری ناوچەکانی پایتەخت گیراونەتەبەر.