یەپەگە: سوپای سووریا سوپای ھەموو سوورییەکانە
"رژێمی سووریا خۆی بۆ رووبەڕوو بوونەوە ئامادە نەكردووە"
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی یەپەگە رایدەگەیەنێت، سوپای سووریا دامەزراوەیەكی سوپای ھەموو سوورییەكانە.
نووری مەحمود، گوتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە بە كەناڵی روناھی نزیك لە حزبەكەی راگەیاندووە "سوپای سووریا دامەزراوەیەکی فەرمییە و هەرگیز خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئامادە نەکردووە".
نووری مەحمود گوتیشی: "سوپای سووریا سوپای تەواوی سوورییەکانە و نابێ تەنیا لە بەرژەوەندی لایەنێك یاخود رژێمێك کار بکات".
گوتەبێژی یەپەگە دەڵێت: "سوپای سووریا لەسەر سنوورەکان جێگیر کراون و نەچوونەتە نێو شارەکان".
ئەمە لەكاتێكدایە ئاژانسی سپوتنیکی رووسی بڵاویکردەوە "سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لەبارەی بەنداوی تشرین رێککەوتوون و بەنداوەکە رادەستی سوپای سووریا کراوە".
بە گوێرەی ئاژانسەکە "هێزەکانی سوپای سووریا لەنێو بەنداوەکە کە لەسەر رووباری فورات دروستکراوە، بڵاوبوونەتەوە و ئاڵای سووریایان هەڵکردووە".