کەمال کەرکووکی: بەبێ ئاڵای کوردستان ناچینەوە کەرکووک
"دەستنیشانکردنی پارێزگار هیچ سوودێکی نییە"
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە 30/12/2018، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرکووك لە ھەولێر کۆبوونەوە و دوا بە دوای ئەوەش کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان رایگەیاند، ئەوان بەبێ ئاڵای کوردستان و کشانەوەی سوپا و حەشدی شەعبی ناگەڕێنەوە کەرکووک.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کەمال کەرکووکی رایگەیاند: " کەرکووک داگیرکراوە و دەبێت ئاسایی بکرێتەوە، دەبێت مەلەفی ئیداریی و ئەمنی کەرکووک رادەستی خەڵکی کەرکووک و هێزە خۆ جێیەکان بکرێت".
سەبارەت بە دەستنیشانکردنی پارێزگاری کەرکووک، کەمال کەرکووک گووتی: "دەستنیشانکردنی پارێزگار هیچ سوودێکی نابێت چونکە مەلەفی ئەمنی لای پارێزگا نییە و کەرکووک بووەتە سەربازگەیەکی گەورە".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا کە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانان لە گفتوگۆدان بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکووک بۆ ئەوەش هەنگاوی باش نراوە.
H.J