رێگەی ماردین سولەیمانی بەرەو شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان لە فۆرمۆلا وەن
ماردین سولەیمانی، شۆفێری پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە شاری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەکەم بەشداریی خۆیدا لە دوو پاڵەوانێتیی بەناوبانگی ئیمارات پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. باوکی ماردین بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، خەونی گەورەی کوڕەکەی گەیشتنە بە پێشبڕکێکانی فۆرمولا وەن و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر سەکۆی جیهانی.
ماردین سولەیمانی، ئەو گەنجە بەهرەمەندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دوای تەواوکردنی قۆناخی ڕاهێنان لە ئەکادیمیای لیماری لە ڕووسیا، ماوەی دوو ساڵە لە شاری دوبەی نیشتەجێیە، توانی لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە هەردوو پاڵەوانێتیی فەرمیی (IAME Series UAE) و (DAMC) لە ئاستی تازەپێگەشتوو لە کاتیگۆریی سینیۆر پلەی یەکەم بۆ خۆی مسۆگەر بکات، سەرەڕای ئەوەی ڕکابەریی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرە بەئەزموونەکاندا دەکرد.
ئامانجی سەرەکیی ئەم وەرزشوانە گەنجە لە بەشداریکردنی لەم پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییانەدا، کۆکردنەوەی ئەزموون و ئامادەکاریی تەکنیکییە بۆ چوونە نێو ئاستە باڵاکانی وەرزشی ماتۆڕسپۆرت، بەتایبەت کێبڕکێکانی GT4 و دواجار گەیشتن بە لووتکەی خەونەکەی کە بەشداریکردنە لە فۆرمولا وەنو.
نێزام سولەیمانی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی ماردین لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: ماردین دڵسۆزی و خۆشەویستییەکی بێسنووری بۆ زێد و نیشتمانەکەی هەیە، گەورەترین ئاواتی وەرزشیی ئەو ئەوەیە کە بتوانێت ئاڵای کوردستان لەسەر سەکۆ جیهانییەکانی وەرزشی ئۆتۆمبێلدا بشەکێنێتەوە. باوکی ماردین شانازیی خۆی بە ئیرادە و بەهرەی کوڕەکەی لەم تەمەنە کەمەدا دەربڕی و دڵنیایی دا کە بەم زووانە بە ئامانجە نێودەوڵەتییەکانی دەگات.
بڕیارە ماردین لە وەرزی نوێی 2026 - 2027دا، بەشداری لە زنجیرەیەک پێشبڕکێی چڕ لە بەناوبانگترین پیستەکانی جیهان بکات، لەوانە پیستی یاس مارینا لە ئەبووزەبی، دوبەی کارتدڕۆم، پیستی شارقە و ڕەئسولخەیمە، لە پاڵ بەشداریکردنی لە جامی ڕۆژی نیشتمانی، جامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEC 2027)، و پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان، کە ئەمەش وەک وێستگەیەکی گەورە دەبێت بۆ پەڕینەوەی بەرەو ئاستی جیهانی.