واده‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق ئاشكرا ده‌كرێت
به‌هۆی سه‌ردانه نهێنییه‌كه‌ی تره‌مپه‌وه‌یه
K24- هه‌ولێر:
راپۆرتێكی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "زیرۆ هیدج"ـی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرایكرد، دوای ته‌واو كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، پێشبینی ده‌كرێت، ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق به‌دوای خۆیدا هێناوه، ببێته هۆی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراقیش له كۆتایی ویلایه‌تی تره‌مپ له ساڵی 2020.
ئه‌و راپۆرته ئاماژه‌ی به‌وه داوه، سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له‌كاتی سه‌ردانه له‌ناكاوه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ بنكه‌ی "عه‌ین ئه‌سه‌د" له ئه‌نبار، مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان ره‌تكردبووه‌وه بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی كۆ ببنه‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، "له‌چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رێكخستنی دیداری نێوان تره‌مپ و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عه‌بدولمه‌هدی به‌و مه‌رجه به سازكردنی دیدار له‌گه‌ڵ تره‌مپ رازی بوو، كه له‌شاری به‌غدا یانیش له به‌شی هێزه عێراقییه‌كان له هه‌مان بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام تره‌مپ ره‌تی كرده‌وه و به‌و مه‌رجه ئاماده‌ی سازكردنی كۆبوونه‌وه بوو، كه له به‌شی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كانی ئه‌و بنكه‌یه له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدی كۆببێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی، بۆیه لایه‌نی عێراقیش ئه‌و دیداره‌ی ره‌تكرده‌وه، چونكه عێراق له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو، ئه‌گه‌ر عه‌بدولمه‌هدی له به‌شی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی ئه‌و بنكه‌یه له‌گه‌ڵ تره‌مپ كۆ ببایه‌وه، وا هه‌ژمار ده‌كرا، كه له وڵاتی خۆی میوانی ئهمهریكییهكانه".
له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا نووسراوه، "تره‌مپ خۆی له‌و پرۆتۆكۆڵه دزیوه‌ته‌وه، كه چوونه ناو وڵاتێكی بێگانه‌ی خاوه‌ن سه‌روه‌ری به‌بێ پرس، كاردانه‌وه‌ی توندی سیاسه‌تمه‌داران و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆك رێكخراوه‌كان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌م ره‌فتاره‌ی تره‌مپ هه‌ست به سووكایه‌تیپێكردن ده‌كه‌ن و داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا به‌شێكی به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارنی عێراقیش به هه‌ڕه‌شه‌كردن فشار ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا بۆئه‌وه‌ی هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه".
له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا باسی ئه‌وه كراوه، "ئه‌و لێدوانه‌ی تره‌مپ ئه‌وه‌نده‌ی دیكه عێراقییه‌كانی تووڕه كرد، كه رایگه‌یاندبوو، هێزه‌كانیان له عێراق ناكشێننه‌وه و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن ئه‌و هێزانه‌ی له سووریا ده‌كشێننه‌وه، بگوازنه‌وه بۆ بنكه سه‌ربازییه‌كانیان له عێراق و به‌كارهێنانی ئه‌و هێزانه بۆ ئه‌نجامدانی هێرش بۆ ناو خاكی سووریا، دواتریش كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵا وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی تره‌مپیان دایه‌وه و به‌ڵێنیاندا، ئه‌و ده‌سته ده‌بڕنه‌وه كه ده‌یه‌وێت له بنكه سه‌ربازییه‌كانی عێراقه‌وه هێرشی سه‌ر خاكی سووریا بكات".
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، "دامه‌زراوه‌ی ئه‌مه‌ریكی كار له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی ده‌كات، به‌ڵام دوا بڕیاریش هه‌ر لای خه‌ڵكی عێراقه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه".
H.B