رێژه‌ی ئافره‌ته تووشبووه‌كان به نه‌خۆشی ئایدز له ئێران 10 ئه‌وه‌نده زیادی كردووه
زۆربه‌یان له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ناشه‌رعیه‌وه تووش بوونه
K24- هه‌ولێر:
ئێران له ئامارێكی نوێ‌دا ژماره‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه ئاشكرا ده‌كات، كه تووشی ڤایرۆسی كه‌می به‌رگری ناسراو به "ئایدز" بوونه، كه له ئه‌نجامی موماره‌سه‌ی سێكسی ناشه‌رعییه‌وه تووشی مرۆڤ ده‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌ناو ئافره‌تان.
له‌مباره‌یه‌وه مینۆ موحریز، سه‌رۆكی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایدز له ئێران گوتی: "ئاماره‌كانی پێشتر له‌باره‌ی نه‌خۆشی ئایدز له ئێران ئاماژه‌یان به‌وه ده‌كرد، كه له 98%ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تووشی ئایدز بوونه، له ریزی ئه‌و پیاوانه بوون، كه ئاڵووده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر بوونه، له‌كاتێكدا ته‌نیا له 02%ی ئه‌و نه‌خۆشانه ئافره‌ت بوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێستا رێژه‌ی ئافره‌تانی تووشبوو به نه‌خۆشی كه‌می به‌رگری له ئێران بۆ 10 ئه‌وه‌نده زیادی كردووه و، زۆربه‌شیان به‌هۆی په‌یوه‌ندی سێكسی ناشه‌رعییه‌وه تووش بوون".
به‌گوێره‌ی ئاماره فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ت، له‌كۆی سه‌رژمێری ئێران كه ژماره‌یان 80 ملیۆن كه‌سه، 34 هه‌زار كه‌س تووشی نه‌خۆشی ئایدز بوونه، به‌ڵام وه‌ك موحریز دووپاتیكرده‌وه، ژماره راسته‌قینه‌كه زۆر له‌وه زیاتره و پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی ئاشكرانه‌بوونی سه‌رجه‌م تووشبووان، ئه‌و ژماره‌یه بگاته 66 هه‌زار كه‌س، كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان بیسته‌كان و چله‌كاندایه.
گوتیشی: "له هه‌ر 3 مانگ جارێك ناوی 2 هه‌زار تووشبوو به نه‌خۆشی ئایدز له ئێران تۆمارده‌كرێت"، ئاشكراشیكرد، "زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه بوونه، له چینی ده‌وڵه‌مه‌ندان و سه‌ر به خانه‌واده‌ی رۆشنبیرانن".
له نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2015ـه‌وه حكوومه‌تی ئێران بڕیاریداوه، سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه له كاره‌كانیان دوور بخاته‌وه، كه تووشی نه‌خۆشی ئایدز بوونه.
H.B