سەرۆکی کۆریای باکوور نامەیەکی ناخهەژێن بۆ سەرۆکی کۆریای باشوور دەنێرێت

کیم و موون دواین نامەی 2018 بۆ یەک دەنێرن

K24 – هه‌ولێر:

کیم جۆن ئۆنگ، سەرۆکی کۆریای باکوور لە نامەیەکی دەگمەنیدا بۆ موون جای ئین، سەرۆکی کۆریای باشوور داوای ئاشتی و یەکتر بینین دەکات.

بەبۆنەی تەواو بوونی ساڵی 2018، کیم نامەیەکی بۆ موون ناردووە و تیایدا دەڵێت: "داوای لێبوردن دەکەم کە نەمانتوانی بۆ جاری چوارەم لە ساڵی 2018 یەک ببینین، بەڵام ئارەزوویەکەی زۆرم هەیە بە نزیکترین کات بتبینم".

دیکتاتۆرە گەنجە دەشڵێت: "دەمەوێت باسی داماڵینی چەکی ئەتۆمیی و بەدیهێنانی ئاشتی بکەین لە نیمچە دوورگە دابەشکراوەکان".

لە وەڵامدا سەرۆکی کۆریای باشوور نووسیویەتی: "زۆر دڵخۆشم بەوەی کیم دەیەوێت لە ساڵی داهاتوو یەک ببینین و باس لە کێشەکان بکەین".

سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ کیمی نووسیوە: "ئەگەر ئێمە بە رێزەوە یەک ببینین، هیچ شتێک نییە کە نەتوانین بەدەستی بهێنین. کاتێکی زۆری ویست تا گەیشتین بە ئێرە و زۆر شت لە ماوەی ساڵێکدا گۆڕا".

65 ساڵ لەمەوبەر، جەنگی نێوان هەردوو کۆریا بە ئاگربەستێک کۆتایی هات، بەڵام گرژی و ئاڵۆزیی هەر هەبوو، تا لە 12ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ترەمپ و کیم جونگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور لە وڵاتی سینگاپورە یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و بڕیاری بەرقەرارکردنی ئاشتییاندا.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، هەردوو کۆریا هەنگاویی باشیان بەرەو ئاشتیی ناوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ئایندە، پەیوەندییەکان بە تەواوی ئاسایی ببنەوە.

سەرچاوە: CNN

H,J