عێراق ژمارەی داعشە بیانییە سزادراوەکان ئاشکرا دەکات
لە ساڵی 2018 چەند داعشی بیانی سزا دراون؟
K24 – ههولێر:
لە ساڵی 2018، 616 کەسی بیانی لە عێراق تۆمەتی داعشبوونیان بەسەردا ساغ بووەتەوە و سزای یاسایی دراون.
فرانس پرێس لە زاری دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2018 زیاد لە 600 کەسی بیانی کە زۆربەیان ژنن لە عێراق سزای یاسایی دراون.
لە کۆتایی ساڵی 2017، عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند و لە ساڵی 2014ەوە، نزیکەی 20 هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیرکراون.
وتەبەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی لە عێراق، عەبدولستار بایراقدار، بە فرانس پرێسی گوتووە: "466 ژن، 42 پیاو و 108 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە و سزا دراون".
ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق ئاشکرای نەکردووە کە سزای ئەو کەسانە چیبوون.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، سەرچاوەیەکی عێراقی لە دادگای باڵای عێراق ئاشکرایکردبوو، 300 داعش سزای لە سێدارەدان و 300 دیکەش سزای زیندانی هەتاییان بەسەردا سەپاوە.
زۆربەی ئەو ژنانەی لە عێراق بە تۆمەتی داعشبوونیان دەستگیر کراون، خەڵکی وڵاتانی تورکیا و رووسیان.
H.J