نێچیرڤان بارزانی سوپاسی مووچه‌خۆرانی كوردستان ده‌كات
"ساڵانی رابردوو به‌رگه‌ی قه‌یرانێكی گه‌وره‌یان گرت"
K24- هه‌ولێر:
له په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێی زاینییه‌وه، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان كرد و هیوای جه‌ژنێكی خۆش و ساڵێكی پڕ له سه‌روه‌ری و خێر و به‌خته‌وه‌ری بۆ خه‌ڵكی هه‌رێم خواست، ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه:
بە بۆنەی ھاتنی ساڵی تازەوە گەرمترین سڵاو و پیرۆزبایی لە ھەموو لایەک دەکەم. ھیوادارم ساڵی نوێ ھەڵگری ھەموو خێر و خۆشییەک بێت و گەلی کوردستان لە ساڵی تازەدا بەسەر کۆسپ و تەگەره‌كاندا زاڵ بێت و ئـامانجه‌كانى بەدی بهێنێت. گەلی کوردستان لە ڕابردوودا زۆر مه‌ینه‌تى بینیوه و بێ ئـەژماریش قوربانی داوه بۆ دابینکردنی داھاتوویه‌کی گەشتر و ژیان بە شێوەیەکی ئـاشتییانە و سەردەمییانە.
ھەموو دەسکەوت و سەرکەوتنهكانى ساڵانى ڕابردوو، بۆ گەلی کوردستان خۆی دەگەڕێنەوە، لەبەرئـەوەی گەل دایکی ھەموو داھێنان و سەرکەوتنێکە. بێگومان کەموکوڕیش هه‌ن، ئـەمەش ھەر بەشێک بووە لە کاروانی پێشکەوتن. کەموکوڕی كاتێك دەردەکەون کە ژیان بەرەوپێش دەڕوات، لە ژیانی وەستاو و نەگۆڕدا کەموکوڕی ڕوونادەن.
گەلی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨‌دا ڕاستییەکی زۆر گرنگی بۆ دەرەوە و ناوەوە ڕوون کردەوە، ئـەویش ئـەوەبوو کە پشتی ھێزە ڕاستەقینەکانی خۆی لە دوو ھەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستان بەرنەدا و دووپاتی کردەوە، گەل و حکوومەت لە ھەرێمی کوردستان یەک بەرەی بەھێز و یەکگرتوون، ئـەمەش دووبارە خەیاڵی خاوی ناحەزانی پووچ و بەتاڵ کردەوە.
گەلی کوردستان ئـەمڕۆ نموونەیەکی بەھێز و زیندووى ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسته. ئـێمە ناوچەیەکین کە ھیچ جۆرە داپڵۆسینێكى سیاسی، نەتەوەیی، ئـایینی یان مەزھەبیمان تێدا نییه. گەلی کوردستان ئـەگەرچی بە زۆرینە موسڵمانی سوننه‌یه، بەڵام شیعە، کریستیان، ئـێزیدی، ئـەھلی حەق و زه‌رده‌شتى ئـەوپەڕی یەکسانییان لەگەڵ یەکدا ھەیە.
پیرۆزباییى ساڵی تازە لە هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى كوردستان له موسڵمانی سوننە و شیعە، كریستیان، ئـێزیدی، کاکەیی، شەبەک، زه‌رده‌شتى، له كورد، ئاشوورى، سریان، كلدان، تورکمان، ئـەرمەن، عه‌ره‌ب و ھەموو ئـەوانەش دەکەین کە لە عێراق و سووریاوە په‌نایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، یان ئـەوانەی بە ھەر ھۆیەکەوە بێت لێرە دەژین و جەژنی سەری ساڵ لەگەڵ ئـێمەدا دەکەنەوە. ھەرێمی کوردستان، بێ جیاوازی ماڵی ھەمووانە.
سڵاو لە خۆڕاگریی لاوان و قوتابیان و ئـافرەتان کە چاوەڕێی ھەڵاتنی ڕۆژێکی گەشتر و ژیانێکی باشترن. جەژنە پیرۆزەی تایبەتیم بۆ منداڵانی کوردستان. سڵاو لە برایانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئـاسایش و پۆلیس کە پارێزەری ژیانی ئـێمەن. سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئـەوانەی خوێن و تەمەنی خۆیان پێشكه‌ش به نیشتمان کرد. سڵاو لە ماڵ و منداڵی شەھیدان و دایک و باوکیان. ساڵی نوێیان پیرۆز بێت، پێشکەوتنی کوردستان چاو و دڵیان ڕوون بکاتەوە.
ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و ڕێز و پێ‌زانین بۆ كوردستانییان، به‌تایبه‌تى بۆ مووچه‌خۆران دووپات ده‌كه‌مه‌وه كه ساڵانى ڕابردوو به‌رگه‌ى زۆر قه‌یران و بێمووچه‌ییان گرت و تێگه‌یشتینیان بۆ دۆخى سه‌خت و هه‌ستیارى كوردستان هه‌بوو. دڵنیاین كاته سه‌خته‌كان تێده‌په‌ڕێن و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش، ئارامى، پێشكه‌وتن و بووژانه‌وه چاوه‌ڕێى خه‌ڵكى كوردستانه.
ھیوادارم كوردستان و جیهان به‌گشتى ئـەم جەژنە لە خۆشی و بەختەوەریدا بکەنەوە.
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، 31/12/2018
H.B