توركیا هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی سنووره‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌كات

له‌ سێ پارێزگاوه‌ هێزی ره‌وانه‌ كردووه‌

K24- هه‌ولێر:  

توركیا له‌سه‌ر زیادكردنی هێزه‌كانی له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز، ئۆتۆمۆبیل، تانك و زریپۆش و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی شاره‌كانی ئورفا، غازی عه‌نتاب و ماردینی باكووری كوردستانی سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان كردووه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵۆی توركی بڵاویكرده‌وه‌، "كاروانێكی دیكه‌ی سه‌ربازی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری تۆپ و چه‌كی قورس له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ ویلایه‌تی هاتای به‌ره‌و شاری غازی عه‌نتاب به‌ڕێكه‌وت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "ئه‌و كاروانه‌ سه‌ربازییه‌ له‌ یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر سنووری نێوان سووریا و توركیا "باكوور و رۆژئاوای كوردستان" بڵاوده‌كرێنه‌وه‌".

له‌ شاری وانیش كاروانێكی دیكه‌ی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی شاری ئورفا كراوه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا له‌سه‌ر هێڵی سنوور جێگیربكرێت.

دوێنێش كاروانێكی دیكه‌ی سه‌ربازی له‌ شاری سه‌قاریای باكووری رۆژئاوای توركیا گه‌یشته‌ وێستگه‌ی "باش پنار"ی سه‌ر به‌ پارێزگای غازی عه‌نتاب.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ سوپای توركیا ره‌وانه‌كردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ سه‌ر سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان چڕ كردووه‌ته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ دژی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ رۆژئاوای كوردستان.

ئه‌م جموجووڵه‌ی سوپای توركیا دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی هێزه‌كانی له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌كشێنێته‌وه‌.

H.B