ماتیس نامەی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە
وەزیری بەرگری پێشووی ئەمەریکا باسی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دەکات
K24 – ههولێر:
جیم ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریکا کە بەهۆی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا دەستی لەکارکێشایەوە، نامەی ماڵئاوایی خۆی بڵاوکردەوە.
ماتیس لە 20ی کانوونی یەکەمی ساڵی پار، بەهۆی سیاسەتەکانی ترەمپەوە بە تایبەت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دەستی لەکار کێشایەوە, لە دواین ساتەکانی ساڵی 2018، نووسینگە و ئەرکەکانی رادەستی جێگرەکەی، پاتریک شاناهان کرد.
لە نامەی ماڵئاوایدا، داوا لە هەموو کارمەندانی ئەمەریکا دەکات، متمانەیان بە وڵاتەکەیان هەبێت و شانبەشانی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا رووبەڕووی دوژمنەکانیان ببنەوە.
ماتیس لە نامەکەی ئاماژەی بەوەداوە، هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بە تایبەت یابان، کۆریای باشوور و ئەندامانی ناتۆ گرنگی زۆریان بۆ سیاسەتی دەرەوەی و ئاسایشی ئەمەریکا هەیە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بە بایەخەوە ناڕوانێتە هاوپەیمانەکانی واشنتن.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ماتیس ناکۆکی زۆری لەگەڵ ترەمپ هەبووە. ئەو وەزیرەی پێشووی ئەمەریکا دژی چەند بڕیارێک بووە لەوانە، قەدەغەکردنی خزمەتی سەربازیی رەگەز گۆڕەکان(ترانس جێندەر)، کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران و بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و ئەفغانستان.
ئەوەی ماتیسی زۆر نیگەران کردووە، مامەڵەی ترەمپ بووە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و پشتکردنە کوردەکان، ئەویش دەستی لە کارکێشایەوە.