تەڤدەم بەرپرسی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا ئاشكرا دەكات
"بڕیارەكە لەسەر داوای ئەردۆغان بوو"
K24 - ھەولێر
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیك (تەڤدەم) رایدەگەیەنێت، جێمس جێڤری، ئەندازیاری رێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە سووریا.
ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤدەم بە ئاژانسی ھاواری نزیك لە پەیەدەی راگەیاند: "بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا لەسەر داوای ئەردۆغان بووە و ئەندازیاری بڕیارەکەش جێمس جێڤری، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا بووە."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئاڵدار خەلیل دەڵێت: "جێمس جێڤری، بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆ ماوەی چوار رۆژ لە تورکیا ماوەتەوە و پشتگیری پلانی ئەردۆغانی کردووە".
لەبارەی عەفرینیش، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤدەم، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "کەموکوڕیی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان هەبووە و هەوڵەکانمان بۆ رزگارکردنی شارەکە لە داگیرکردن وەك پێویست نەبوون، بەڵام هۆکاری سەرەکی داگیرکردنی عەفرین کشانەوەی هێزەکانی رووسیا بوو".
ھ.م