"توركیا نایەوێت دۆخی سووریا ئارام بێتەوە"

ھەدەپە: توركیا دەیەوێ قەیرانی سووریا قووڵتر ببێتەوە

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) رایدەگەیەنێت، توركیا نایەوێ سووریا ئارام بێتەوە، بەڵكو دەیەوێ ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە بكاتە بنكەی بەردەوامیدان بە دەسەڵاتدارێتی خۆی.

پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆكی ھەدەپە رایگەیاند، ئەردۆغان باس لە ئۆپەراسیۆنی سووریا دەكات، بەڵام ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە چارەسەری نییە، بەڵكو قووڵكردنەوەی قەیرانی سووریایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەردۆغان باس لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكات، بەڵام كەس باوەڕ ناكات و ھەموو جیھان دەزانێت دەسەڵاتدارانی توركیا بازرگانی نەوتییان لەگەڵ داعش كردووە. ھەموو جیھانیش دەزانێت ھەسەدە داعشی تێكشكاندووە.

بوڵدان، لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا ئاماژەی ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی توركیا، سووریایەكی ئارامی دیموكراتیان ناوێت، بەڵكو دەیانەوێ ئاڵۆزییەكان بەردەوام بن و لەو رێیەشەوە ئەوان دەنگ و دەسەڵاتدارێتیی خۆیان بپارێزن.