یەپەگە: لەگەڵ دابەشکردنی سووریا نین

"پێویستە هەموو لایەنە سووریەکان یەکهەڵوێست بن"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی یەپەگە رایگەیاند، پلانی دابەشکردنی سووریا هەیە و ئەوانیش هەرگیز لەگەڵ پارچەکردنی خاکی سووریا نین.

نووری مەحموود، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی رووسیا ئەلیوم رایگەیاند، لێدوانەکەی فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردانی سووریا لە بەرامبەر رووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا ئەرێنیە و دەشڵێ "پێویستە هەموو لایەنە سووریەکان یەکهەڵوێست بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان".

گوتەبێژی یەپەگە هەروەها گوتی "دوو خاڵی سەرەکی بۆ رووبەڕووبونەوەی داگیرکەرانی دەرەوە هەن، لە سەرووی هەمووشیان تورکیایە و خاڵی دووەمیش چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانە، کە بە دانانی دەستوورێکی نوێ کە مافی تەواوی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت، کێشە ناوخۆییەکانی سووریا چارەسەر دەبن".