چەند پلانداڕێژەرێکی کاری تیرۆرستی لە منبج دەستگیر کران
"لە لایەن تورکیاوە پشتگیری کراون"
K24 – ههولێر:
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەستگیرکردنی حەوت کەسی راگەیاند کە نیازیان هەبووە چالاکی تیرۆرستی ئەنجام بدەن.
دوێنی چوار شەممە 16/01/2019، تەقینەوەیەک شاری منبجی لە سووریا کردە ئەمانج و بەهۆیەوە، 20 کەس کوژران و 19 دیکەش برینداربوون کە چوار لە کوژراوەکان ئەمەریکین.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لە دوای تەقینەوەکە دەستگیرکردنی چەند کەسێکی راگەیاند و دەڵێت: "حەوت میلیشیا دەستگیرکران کە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فورات".
لە راگەیندراوی ئەنجوومەنەکە هاتووە: "ئەو گروپە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکران و پەیوەندییان لەگەڵ هەواڵگیری تورکیا هەبووە و نیازیان هەبووە چەند کارێکی تیرۆرستی ئەنجام بدەن".
تەقینەوەکەی منبج و دەستگیرکردنی ئەو چەند میلیشیایە لەکاتێکدایە، ئەمەریکا نیازی هەیە هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.
لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای تەقینەوەکەی منبج رایگەیاند، ئامانج لەو تەقینەوەیە کاریگەری دروستکردنە لەسەر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا.