لینزی گراهام لە تورکیاوە داوایەک لە ترەمپ دەکات
باسی رێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی یەپەگەوە دەکات
K24 – ههولێر:
لینزی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمەریکا رایگەیاند، داوای لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە تا شکستی تەواوی داعش، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا هێواش بکاتەوە.
لە میانی سەردانێکیدا بۆ تورکیا، گراهام لە شاری ئەنقەرە گووتیشی: "بڕوام وایە جۆزێف دونفۆرد، سوپا سالاری ئەمەریکا لەسەر پلانێک لەگەڵ تورکیا بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی یەپەگە لە سنووری تورکیا رێککەوتووە".
مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە داعش لە سووریا تێکشکاوە و سوپای ئەمەریکا لە سووریا دەکشێنێتەوە، بەڵام دواتر ئەم پڕۆسەیە بە دەستلەکارکێشانەوەی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا هێواش بووەوە.
کۆبوونەوەی گراهام لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو سیناتۆرە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەوان متمانە بە تورکیا ناکەن کوردەکان بپارێزن و دەبێت ئەمەریکا لە دوای کشانەوەی گەرەنتی ژیانی کوردەکان بکات.
سەرچاوە: رۆیتەرز
H.J