عامری داوای دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا دەكات
"پیلانەكانی ئەمەریكا لە عێراق شكستیان ھێناوە"
K24 - ھەولێر
ھادی عامری سەرۆكی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، عێراق پێویستی بە ھێزەكانی ئەمەریكا نییە و پێویستە وڵات جێبێڵن، ھەروەھا گوتی "سەرجەم پیلانەكانی ئەمەریكا لە عێراق شكستیان ھێناوە".
ئەو گوتانەی عامری لە میانی كۆبوونەوەیەكی داھات لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای رادیۆ و تەلەفزیۆنە ئیسلامییەكان و گوتیشی "قۆناخی داھاتوو بنیاتنانەوەی عێراق و گەڕاندنەوەی پێگەكەیەتی لە ناوچەكە و جیھان".
ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكە بەشێكی زۆری لایەنە شیعەكان جموجۆڵیان بۆ وەدەرنانی ھێزەكانی بیانی لە عێراق دەستیپێكردووە و بە نیازین پرۆژە یاساییەك بۆ ئەم مەبەستە بدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق.
ئەو گوتانەی عامری ھاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی چوونی ھێزەكانی ئەمەریكا بۆ كەركووك، كە بەشێك لە لایەنە عەرەب و توركمانەكان دژایەتی خۆیان بۆ چوونی ھێزەكانی ئەمەریكا بۆ كەركووك دەربڕیووە.