"هێلانهی رهشی" ژنانی سیغهكار ئاشكرا بوو
بهناوی سیغهوه گهشتیارێك رووت دهكهنهوه
K24- هەولێر:
بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ئیلناى ئێرانی، لە مەشهەد، پیاوێکی تەمەن 44 ساڵان پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان ژنێک فێڵی لێدەکات، سکاڵای لەسەر تۆماردەکات و نهێنی "هێلانەی رەش"ـەكەیان ئاشکرا دەکات.
ئەو پیاوە گوتوویەتی: "لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ژنێکم ناسیوە و وێنەی خۆی بە بێ حیجاب بۆ ناردووم و بڕیار وابوو بچمە ماڵیان، دواتر پەیوەندیم پێوهكرد و ناوونيشانى ماڵەکەی داپێم و گوتی کە هاتی نانم بۆ بێنە برسیمە".
لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا ئەو پیاوە دەڵێت: "منیش شتێکم بۆ کڕی و چوومە ماڵەوە، چاوەڕێی ئەوەم دەکرد نانەکەی بخوات بۆ ئەوەی دواتر بە شێوازی سیغە هاوسەرگیری كاتی لەگەڵ بكەم، بەڵام لە ناکاو 3 پیاوی ترسناک و تووڕە هاتنە ژوورەوە و چەقۆیان لەدەست بوو و یەکێکیان به مۆبایل وێنەی دەگرت، لێيان دام و هەموو کارتی بانکی و پارە و مۆبایل و هەموو شتێکیان لێ وەرگرتم گوتیان بۆ هاتوویتە ماڵی ژنێک کە مێردی هەیە؟".
پیاوەكەش دەشڵێت: "من هیچ ئاگام لەوەنییە ئەو ژنە مێردی هەیە يان نا. ئینجا هەڕەشەو ئازاری زۆریان دام و دەیان گوت کە وێنە و ڤیدیۆكانم بڵاو دەکەنەوە، زۆر ترسام کە ريسوا بم و ژیانم تێکبدەن بۆیە هەرچێکیان ویست پێمدان".
بهگوێرهی راپۆرتێكی ئاژانسهكه، پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووه و ئاشکرا بوو پێشتر لە چەند شوێنێکی دیکە هەمان کاریان ئەنجام داوە و هەر لەم رێگەیەوە پیاوێکی تەمەن 37 ساڵان دەستبەسەر دەکرێت و شوێنەکەیان ئاشكرا دەکەن.
لە لێكۆڵینەوەكانیش دەركەوتووە، ئەو باندە زیاتر لە 150 فیلم و وێنە، کارتی بانکی و مۆبایل و ماددەی هۆشبەریان لهلابووهو دەستیان بەسەردا گیراوه.
جێگری دادوەری مەشهەد ئاماژەی بەوەکردووه : "دوای ئەوەی دەستبەسەر هەموو فیلم و وێنەکاندا گیرا، دهرکەوت ئەو کەسانەی وایان بەسەر هاتووە زیاتر لە شارەکانی دیکەی ئێران و وڵاتی ئەفغانستان و عێراقهوه هاتوون، چونکە پاش ئاشکرابوونیان پارەیەکی زۆری وەکو دولار و دراوی وڵاتەکانی دوروبەر دەست کەوتووە و هێشتا لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".