تاقمی فڕۆكه‌یه‌ك رێگه‌ به‌ گه‌شتیارێكی موسڵمان ناده‌ن له‌ناو فڕۆكه‌ نوێژ بكات

به‌ ڤیدیۆ.. ئه‌فسه‌ره‌ ئه‌منییه‌كانی فه‌ره‌نسا گه‌شتیاره‌كه‌ ده‌به‌نه‌ خواره‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

گرته‌ ڤیدیۆییه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و مشتومڕێكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، ئه‌ویش به‌رپرسانی ئه‌منی فڕۆكه‌یه‌ك، رێگه‌ به‌ گه‌شتیارێكی موسڵمان ناده‌ن له‌ناو فڕۆكه‌ نوێژ بكات.

فڕۆكه‌كه‌ له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا و به‌ره‌و تونس به‌ڕێكه‌وتووه‌، هێشتا فڕۆكه‌كه‌ی كۆمپانیا ترانساڤیا له‌ ئاسمانی فه‌ره‌نسا ده‌رنه‌چووبوو، ئه‌و گه‌شتیاره‌ ویستوویه‌تی له‌ ته‌نیشت كابینه‌ی فڕۆكه‌وانه‌كان نوێژ بكات، به‌ڵام له‌لایه‌ن تاقمی فڕۆكه‌كه‌وه‌ رێگری لێده‌كرێت و رێگه‌ی پێناده‌ن.

دوای ئه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزی ده‌كه‌وێته‌ نێوان تاقمی فڕۆكه‌كه‌ و گه‌شتیاره‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵییه‌كه‌، فڕۆكه‌كه‌ له‌ جۆری Boeing 737-800، به‌ ناچاری ئاراسته‌ی گه‌شته‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نیسی باشووری فه‌ره‌نسا ده‌نیشێته‌وه‌.

دوای نیشتنه‌وه‌ش ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌چنه‌ ناو فڕۆكه‌كه‌ و گه‌شتیاره‌كه‌ ده‌هێننه‌وه‌ خواره‌وه‌، له‌ كاتی هێنانه‌ خواره‌وه‌شی، به‌ ده‌نگی به‌رزه‌وه‌ ده‌ڵێت: "الله اكبر".

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێت، گرژی ده‌كه‌وێته‌ نێوان گه‌شتیاره‌كه‌ و ئه‌فسه‌ره‌ ئه‌منییه‌كان، گه‌شتیاره‌كه‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی قسه‌ ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت: "پێم بڵێن من چیم كردووه‌؟ چیم كردووه‌؟ ئێوه‌ ئازارم ده‌ده‌ن.. ده‌تانه‌وێ چی بكه‌ن؟ الله اكبر".

شایه‌تحاڵانی ناو فڕۆكه‌كه‌، كه‌ گه‌شته‌كه‌یان بۆ تونسی پایته‌خت بووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و گه‌شتیاره‌ تونسی بووه‌ و وه‌كو گه‌شتیاره‌كانی دیكه‌ ئاسایی بوو، ده‌بووایه‌ هاوكارییان كردبا و نه‌ده‌بوو به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

به‌هۆی رووداوه‌كه‌، كه‌ رۆژی 24ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019 روویداوه‌، ته‌واوی سه‌رنشینانی فڕۆكه‌كه‌، به‌ ناچاری شه‌وێك له‌ شاری نیس بمێننه‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌: العربی پۆست

ئ. م