حكوومه‌تی عێراق هۆشداری له‌باره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا ده‌داته هاووڵاتیان
داوا له هاووڵاتیانی كه‌ناری دیجله ده‌كات شوێنه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق هۆشداری له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا ده‌داته هاووڵاتیان و پێشبینی ده‌كات، "له ئه‌گه‌ری شه‌پۆلێكی باران بارینی به‌خوڕ لافاو رووبدات و ئاستی ئاو له سه‌نته‌ری شاره‌كانیش به‌رز بێته‌وه".
وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، پێشبینی ده‌كرێت شه‌پۆله هه‌ره به‌هێزه‌كه شاری مووسڵ تا سامه‌ڕا بگرێته‌وه و ئاستی ئاویش له گه‌ڕه‌كه‌كانی سه‌نته‌ری شاری به‌غدا به‌رز ببێته‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا هاتووه، "وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان رێككاری به‌په‌له‌ی گرتووه‌ته به‌ر، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووداوه نه‌خوازراوه‌كان بۆ چه‌ند رۆژی داهاتوو"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێشبینی ده‌كرێت زۆرترین رێژه‌ی بارانبارین ناوچه‌كانی باكوور "هه‌رێمی كوردستان" و باكووری رۆژهه‌ڵات و ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری ئێران بگرێته‌وه".
راشیگه‌یاندووه، "وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان هه‌وڵ ده‌دات رێڕه‌وی لافاوه‌كان به ئاراسته‌ی به‌نداوه‌كان بێت، له‌وێشه‌وه له رێگه‌ی رووباری دیجله‌وه له ده‌ریاچه‌ی "سه‌رسار" گڵی ده‌ده‌نه‌وه"، هۆشداریشی به‌و هاووڵاتیانه‌ی مووسڵ تا سامه‌ڕای دا، كه له كه‌نار رووباری دیجله نیشته‌جێ بوونه، "شوێنه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن، چونكه پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی روودانی لافاوێكی گه‌وره، مانه‌وه‌یان له شوێنی خۆیان مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌بێت".
وه‌زاره‌ت هۆشداری داوه‌ته خه‌ڵكی به‌غداش، كه به‌هۆی بارینی رێژه‌یه‌كی زۆری باران، "پێشبینی ده‌كرێت ئاستی ئاو له گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌و شاره به‌رز بێته‌وه" و، داواشی له سه‌رجه‌م تیمه‌كانی فریاگوزاری له ته‌واوی پارێزگاكان كردووه، "له ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو، یارمه‌تی فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانی بده‌ن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستانیش پێشبینی بارینی بارانێكی به خوڕ له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا له هه‌رێمی كوردستان كرد, به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كان، زۆرترین رێژه له سنووری پارێزگای هه‌ولێر ده‌بارێت، به‌شێوه‌یه‌ك له هه‌ندێ ناوچه زیاتر له 50 ملم باران ده‌بارێت.
H.B